ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر ڕایگەیاند: “پلان هەیە ساڵی داهاتوو ڕێگە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێنە پارە.”
ڕۆژی سێشەممە 17ی شوباتی 2026, عیماد محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر ڕایگەیاند: “پلان هەیە رێگەکان بکرێنە پارە. ئەمە سیستمێکی جیهانییە و وادەکات داهاتی ڕێگەکان بۆ خودی ڕێگەکان خەرج بکرێتەوە. کاتێک هاووڵاتی یان بازرگانێک پارە دەدات، لە بەرامبەردا ڕێگەیەکی ستاندارد و سەلامەت بەکاردەهێنێت.”
عیماد محەمەدئەمین، گوتیشى: “لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجە، هیچ ڕێگەیەک بە تێروتەسەلی نۆژەن نەکراوەتەوە.”
بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر، ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵی پار تەنها دوو ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە، دەڵێت: “ئەو بڕە پارەیە تەنها بەشی نۆژەنکردنەوەی پێنج کیلۆمەتر رێگەی ستاندارد دەکات.”
عیماد محەمەدئەمین، تێکچوونی ڕێگەوبانەکان بۆ سێ هۆکاری سەرەکی گەڕاندەوە، یەکەمیان تەمەنی ڕێگەکان، کە زۆربەی ڕێگەکان تەمەنیان بەسەرچووە، دووەمین هۆکار کەشو هەوایە، لە چەند ساڵى ڕابردوو بەشی پێویست باران نەباریوە بۆ ڕێگەوبانەکان، دوایین هۆکار بۆ تێکچوونی ڕێگەکان باری قورسی بارهەڵگرەکانە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا.