لە ماوەی دوو ڕۆژدا 17 کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن

ڕێکخراوی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ئێران ‘هرانا’ ڕایگەیاند: تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا 17 زیندانی لە چەندین زیندانێکی جیاواز لە ئێران لە سێدارەدراون.

ڕۆژی دووشەممە 16ی شوباتی 2026 ڕێکخراوی هرانا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو ڕۆژدا 17 کەس بە تۆمەتی کوشتن و تێوەگلان لە ماددە هۆشبەرەکان، لە چەند زیندانێکی جیاوازی وڵاتی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە. 

ڕێکخراوی هرانا ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە چوار زیندانی لە ‘ورمێ’ لە سێدارەدراون، کە تاوانی کوشتنیان خرابوویە پاڵ. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە 13 زیندانی تر لە سێدارەدران کە سێ کەسیان لە زیندانی ‘قزل حەسار’ لە ‘کەرەج’ بە تاوانی کوشتن لە سێدارەدران، هەروەها 10 زیندانی تر لە چەند زیندانێکی دیکە کە بە تاوانی کوشتن و ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر کرابوون لە سێدارەدران.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی زیندان و دەزگایەکانی پەیوەندیدار لە ئێران بە فەرمی هیچ شتێکیان لەسەر ئەم ڕووداوانە ڕانەگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی هرانا، لە ساڵی ڕابردوو لانیکەم دوو هەزار و 63 کەس لە ئێران لە سێدارەدراون. کە ڕێژەی لەسێدارەدان 119% زیادیکردووە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا.