لە سێیەم ڕۆژی کۆنفرانسی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: “ئێمە پشتگیریی گفتوگۆی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین” و “تورکیا بە جدی دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.”
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ڕۆژێک پێش ئەوەی بێمە میونشن لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەشداربووم و کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو.”
نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا گوتیشی: “دەمانەوێت ڕێککەوتنەکە لە سووریا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، پێویستە مافی کورد و پێکهاتەکان لە دەستووری سووریا جێگیر بکرێت.”
گرنگترین پەیامەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی میونشن:
کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو لە نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هەبوو.
ئێمە پشتگیری گفتوگۆی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین.
تورکیا بە جدی دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.
جەختمان کردەوە ئێمە هەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبین.
شێوازی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ خۆیان جێدەهێڵین.
دەمانەوێت ڕێککەوتنەکە لە سووریا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
بە پێی ئەو بارودۆخەی هاتووەتە پێش ڕێککەوتنەکەی سووریا گونجاوە.
پێویستە مافی کورد و پێکهاتەکان لە دەستووری سووریا جێگیر بکرێت.
ئەم ساڵ لە میونشن بابەتی سووریا جێی بایەخ بوو.
من تێبینیم کردووە هەردوولا لە سووریا دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن.
پارێزگاری حەسەکە دەرفەتە بۆ هەسەدە تاوەکو خزمەتی پێکهاتەکان بکات.