ئەمڕۆ دیاردەیەكی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو لە چەند ناوچەیەكی گۆی زەویدا ڕوودەدات و بەهۆی جیاوازیی كاتیشەوە ئەم دیاردەیە لە ئاسمانی هەرێمدا بە هیچ شێوەیەك نابینرێت.
خۆرگیران دیاردەیەكی گەردوونییە كاتێک ڕوودەدات كە مانگ دەكەوێتە نێوان زەوی و خۆرەوە و ڕووناكیی خۆر دەگرێت، ئەمڕۆش دیاردەكە تەنها لە هەندێك ناوچەی دیاریكراوی جیهان وەک گرینلاند، ئایسلەندا، باكووری ڕووسیا، زەریای ئەتڵەسی، ئیسپانیا و بەشێكی پورتوگال دەبینرێت.
چەقی خۆرگیرانەكە، لە باكووری زەریای ئەتڵەسی و نزیك كەناراوەكانی باكووری ئیسپانیایە، لەوێ خۆر بە تەواوی دادەپۆشرێت و بۆ چەند دەقیقەیەک ڕووناكی ڕۆژ دەگۆڕێت بۆ تاریكی.گشت دیاردەكە نزیكەی چوار سەعات و 15 دەقیقە دەخایەنێت. درێژترین ماوەی خۆرگیرانی تەواو لە نێوان یەک بۆ دوو دەقیقە و 18 چركە دەبێت.
ئەم دیاردەیە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان نابینرێت ،بەهۆی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا، لە كاتی ڕوودانی خۆرگیرانەكەدا ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە بەشی شەودایە و خۆر لە ژێر ئاسۆدایە.
ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی ماڵپەڕی ڕەسمی خۆیەوە پەخشی ڕاستەوخۆی دیاردەكە بۆ بینەران لە سەرانسەری جیهان دەگوازیتەوە. شارەزایانیش تەئكید دەكەنەوە كە پێویستە لەو ناوچانەی خۆرگیرانەكەیان لێ دەبینرێت، چاویلكەی تایبەتی بەرگریكار بەكاربهێنرێت بۆ پاراستنی چاو لە زیانەكان.