دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، یان بەمزووانە گەرووی هورمز دەکرێتەوە، یان گورزێکی سەخت لە ئێران دەوەشێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئابی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ “فۆکس نیوز” ڕایگەیاند: وڵاتەکەی خەریکی دانوستانی زۆر باشە لەگەڵ ئێران، جەختیشی کردەوە کە تاران بە درێژایی ڕۆژ سەرقاڵی دانوستان بووە و ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کە کاتی پێویستی لەبەردەستدایە سەبارەت بە پرسی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە؛ ئێران بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت تا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، جیهان دەبێتە شوێنێکی تەواو جیاواز.
سەبارەت بە ئاڵۆزییە سەربازییەکان و گەرووی هورمز، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی نزیک بووەوە لە ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر ئێران کە بە گەورەترین هێرشی سەربازی دادەنرا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
لەکۆتایشدا دۆناڵد ترەمپ گوتی: “یان گەرووی هورمز بەم زووانە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، یانیش ئێران بەر زەبرێکی زۆر توند و سەخت دەکەوێت.”
هەرچەندە بەردەوام کاربەدەستانی ئێران رەتیدەکەنەوە لە گفتوگۆ و دانوستان دابن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دوێنێش مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “پێشکەوتنی باشمان لە گفتوگۆکانی نێوانمان لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، بەڵام ئومێد هەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بگەینە ڕێککەوتن”.