ژنێک بە سكێک چوار منداڵی پێكەوە بوو

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركاریی هەولێر بڵاوی كردەوە، كە ژنێک بە نەشتەرگەری چوار منداڵی بە 29 هەفتەیی پێكەوە بوون و دوای وەرگرتنی چارەسەر و ماوەی مانەوەی پێویست لە نەخۆشخانە، ئێستا تەندروستیی منداڵەكان باشە و نێردراونەتەوە باوەشی دایکیان.

 ڕۆژی دووشەممە 3ی ئابی 2026 نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركاریی هەولێر بڵاوی كردەوە، كە نەخۆشێک سەردانی كردوون و بە نەشتەرگەری چوار منداڵی پێكەوە بوون، كە تەمەنیان 29 هەفتەیە بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی كۆرپەلەكان، كە تەمەنیان 29 هەفتە بووە، “ڕاستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ بەشی چاودێریی وردی منداڵە ناکامەکان (NICU) لەنەخۆشخانەکەمان بۆ وەرگرتنی چاودێریی پێویست لەلایەن (د. کەیفی محەمەد برایم) پزیشکی پسپۆری منداڵان پێدانی دەرمانی (Surfactant) و (Numeta G13 E premature TPN) دوای مانەوەیان بۆ ماوەیەکی پێویست سوپاس بۆ خودا هەر چوار کۆرپەلە بە تەندروستییەکی باش گەیەندرانە باوەشی دایکیان.”

نەخۆشخانەی ئافرەتان و فێرکاریی هەولێڕ دەشڵێت: “لێرەدا بە پێویستی دەزانین بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوونی فێرکاری هەولێر سوپاسی (د. لانە ئەحمەد دزەیی) پزیشکی پسپۆری منداڵان و سەرۆک بەشی منداڵە ناکامەکان (د. کەیفی محەمەد برایم) پزیشکی پسپۆری منداڵان و ستافی بەشی منداڵە ناکامەکان بکەین، کە هەردەم پاڵپشت و هاوکار بوونە بۆ پێشخستنی بەشی منداڵە ناکامەکان.”