تارا ڕەسوڵ و 51 بەربژێری دیکەی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سوێد بەشداری دەکەن

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکانی سوێد لە 13ی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەدەچن و بەپێی زانیارییەکان، 52 هاونیشتمانیی خەڵکی کوردستان لە لیستە جیاوازەکاندا بەربژێرن، لەوانە هونەرمەند تارا ڕەسووڵ و بەندی کەمال لە لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات.

ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکانی سوێد بەردەوامە. بڕیارە ئەم هەڵبژاردنانە لە 13ی ئەیلوولی 2026دا لە یەک کاتدا بەڕێوەبچن.

بەپێی زانیارییەکان، 52 هاونیشتمانیی خەڵکی کوردستان لە لیستە جیاوازەکاندا بەربژێرن. لە نێوان بەربژێرە کوردەکاندا، هونەرمەند تارا ڕەسووڵ لە لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات بەشداری دەکات.

تارا ڕەسووڵ، کە ماوەیەکی زۆرە لە سوێد نیشتەجێیە و لە ساڵی 2006ەوە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێدە، گوتی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەربژێر بووە. ئەو دەڵێت، ئەمساڵ حیزبەکەی متمانەی پێداوە تاوەکو بۆ دەستەی بەڕێوەبردنی هەرێمەکان لە شاری ستۆکهۆڵم بەربژێر بێت.

ئەو هونەرمەندە کوردەش، جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریی کوردەکان لە ژیانی سیاسیی سوێد، لەگەڵ خزمەتکردن بەو وڵاتە، دەتوانێت پردێکی پەیوەندی لەنێوان کوردستان و سوێد دروست بکات. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەمیشە هەوڵی داوە لە ڕووی هونەری و سیاسییەوە دەنگی خەڵک بگەیەنێت، بە تایبەتی لە کاتە سەختەکانی کوردستاندا.

بەندی کەمال، بەربژێرێکی دیکەی کورد لە هەمان پارت، گوتی کە ساڵێکە بووەتە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات. ئەو خەڵکی دەربەندیخانە و لە تەمەنی 4 ساڵییەوە لە ستۆکهۆڵم نیشتەجێیە. بەندی کەمال بەشداریی کوردانی دیاسپۆرا بە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و گەیاندنی دەنگی کورد لە سوێد دەزانێت.

لە سوێددا هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان لە یەک کاتدا دەکرێن. دەنگدەر دەتوانێت لە نزیکترین بنکەی دەنگدان دەنگ بدات. کارتی دەنگدانیش لە ڕێگەی پۆستەوە یان سندووقی پۆستی دیجیتاڵی بۆ دەنگدەران دەنێردرێت و لەسەری شوێنی بنکەی دەنگدان و لیستەکان، کە بە ڕەنگی جیاواز دەستنیشان کراون، نووسراوە.

پەرلەمانی سوێد لە 349 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە دەنگی زۆرینەی کورسییەکان هەیە. بەپێی هەندێک ڕاپرسی، پێشبینی دەکرێت پارتی سۆسیال دیموکرات نزیکەی 33٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.