کەسێک بە دەرمانی مشک 300 کەسی ژەهراوی کرد

ھێزە ئەمنییەکانی سەڵاحەدین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ژەھری مشکی خستبووە ناو تانکی ئاوی خواردنەوەی چێشتخانەیەکی قەزای شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین و بووە ھۆی ژەھراوی بوونی 300 کەس.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026 یاسین موحەممەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ڕایگەیاند: “دوای بەدواداچوونی ورد و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر ڕووداوی ژەھراوی بوونی نزیکەی 300 هاووڵاتی، ئاسایشی نیشتیمانی ناوچەکە توانیان لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارەکە دیاری بکەن و دەستگیری بکەن.”

یاسین موحەممەد گوتیشی: تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بە فەرمی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە هۆکاری ئەنجامدانی کارەکەشی گوتویەتی؛ “دوای ئەوەی چێشتخانەکە ناوبانگی زۆری دەرکرد و ئیش و کاری باشیان بوو، منیش لەسەر بنەمای ئیرەیی و تۆڵە سەندنەوە ئەو کارەم ئەنجام داوە.”

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی دەشڵێت: ” لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان، تەنیا 48 کەسیان ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.”

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکاری توندی یاسایی بەرانبەر تۆمەتبار دەگیرێتەبەر و دوای تەواوبونی ڕێکارەکان دەدرێتە دادگا بۆ سزادانی لەسەر ئەو کارەی کە ژیانی سەدان هاووڵاتی خستە مەترسییەوە.