ئێمە بلۆگەرین

کوردۆ شابان

یەک: لە شوێنێكدا بینیم، گوایە ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی “بلۆگەر” بوو، ئیدی ویستم هەندێ بۆچوون و زانیاری لەبارەوە باس بكەم، هەروەها داخۆ ئێمە بلۆگەرین یان چی؟

دوو: پێناسەی كورت:

– بلۆگەر، ئەوانەن كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیان بۆچوونەكانیان بڵاو دەكەنەوە. ئەمەش لەگەڵ پەرەسەندنی ئینتەرنێت، لە ئەنجامی گوتارێكی بیل گیتس، خاوەنی مایكرۆسۆفت دروست بوو كە “پاش دە ساڵی تر هەر كەس پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی خۆی نەبێت، كەسێكی بزرە لە جیهاندا” ئیدی كۆمپانیاكان دەستیان بە ئاسانكاری بۆ ئەو كارە كرد. دواتر سۆشیاڵمیدیا داهات و كاری پێوەندی و كاری بلۆگەری تێكەڵ كرد. واتە هەر كەس هەژمارێكی لە فەیسبووکدا هەبێت و بابەتی تێدا بڵاو بكاتەوە، بلۆگەرە. ئەوانەی تەنیا بۆ بینین هەژماریان هەیە، ناچنە ژێر ئەو خانەیەوە. ئەو نووسەرانەی بابەتەكانیان پێشتر لە ڕۆژنامە و گۆڤار، یان كتێب و وێبسایت بڵاو دەكەنەوە و دواتر كۆپییەكی یان لینكەكەی لە سۆشیاڵمیدیا دادەنێن، هەر بە بلۆگەر هەژمار ناكرێن. ئەم بابەتەی ئێستە دەیخوێنیتەوە، چونكە بۆ ئەم لاپەڕەیەی خۆم ئامادەم كردووە، دەمكاتە بلۆگەر. ساڵانێكە وا دەكەم و لاپەڕەی خۆم لە سایت و ڕۆژنامەكان پێ گرینگترە.

– ڤلۆگەر، بریتییە لە بڵاوكردنەوە بە شێوەی ڤیدیۆیی، ئەمەش ئێستە زیاتر لە ئینستاگرام و تیكتۆكدا ڕەنگ دەداتەوە و ئامانجیش لێی گەیاندنی ناسنامەی خۆت، تواناكانت، زانست و زانیاری و چاوەڕوانیی كاردانەوە لە ڕێگەی لایک، كۆمێنت، شێر و هەڵگرتنەوە.

– ئینفلۆنسەر، ئەوانەن كە بەهۆی ڤیدیۆ و تێكستەكانیانەوە كاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە. وەكوو ڕاهێنەرەكانی گەشەپێدانی مرۆیی، ڕاهێنەرە پەروەردەیی و خێزانییەكان و زۆر جار كارەكەیان بە پارە دەكەن. وەكوو ئەو كۆمەڵە كوڕ و كچەی پەیدا بووبوون، لەژێر ناونیشانی جیاوازی پەروەردەیی و خێزانی بە پارە قسەیان بۆ خەڵكی دەكرد. هەڵمەتێكیشیان لەسەر دورست بوو كە نازانم لەبەر ئەوە بوو كەسانی پسپۆڕ نەبوون یان چی؟ كەسیان ناناسم. مەلا و بانگخوازەكان لە خاڵی “ئینفلۆنسەر”ـدا جێیان دەبێتەوە.

سێ: پێم وایە بۆ ئەوەی جیهانی ڤیدیۆ داگیرمان نەكات، ڤلۆگەر و ئینفلۆنسەرەكان جێی تێكست و وشە نەگرنەوە، هەر كەس لە ڕووی داڕشتنەوە توانای نووسینی هەیە، بەهرە و هونەرێكیشی تێدایە، یان بۆچوونی سیاسی، ئابووری یان لە هەر بوارێكدا هەیە، زیاتر بایەخ بە فەیسبووكەكەی بداتەوە و بەتەواوی ببێت بە بلۆگەر، چونكە سەردەمێک دێتەوە پێشەوە، ئەوانەی دەزانن بنووسن، دەبنە خەڵكانی دەگمەن. با وا بكەین ئەو سەردەمە كەمێک دوا بكەوێت، پێش ئەوەی شەپۆلەكە هەموومان ڕابماڵێت.

چوار: لەبەر ئەوەی دەزانم كۆمپانیاكانی سەكۆی سۆشیاڵمیدیایان هەیە، بەردەوام هانی دروستبوونی ڤلۆگەر و ئینلفۆنسەری زیاتر دەدەن و خول و ڕاهێنانی بۆ دەكرێتەوە، پێم باشە هەر كەسێكیش دەتوانێت بە ڤیدیۆ پەیام و زانیاری بگەیەنێت، لەوێشدا جێی ببێتەوە، چونكە هەرچۆنێک بێت، لەناو ئەو هەموو ڤیدیۆ پووچەدا، دەتوانین بە چەند ڤیدیۆی بەكەڵک شوێندەستمان هەبێت.

پێنج: من لە ئینستاگرام و تیكتۆكدا جار جار ڤیدیۆ دادەنێم و بە دەیان هەزار و هەشیانە سەتان هەزار بینەری هەبووە، بەڵام هەرگیز نایكەم بە بایەخی یەكەم و تێكست پشگوێ بخەم. پاش نۆ دانە كتێب و بیست ساڵ نووسین، ئێستە كە دەچمە شوێنێكەوە، زیاتر ئەوانە دەمناسن كە لە ڕێی ڤیدیۆكانمەوە منیان بینیوە. هێشتا ناهێڵم ئەمە كاریگەریم لێ بكات، چونكە نووسین پیرۆزە و پیشەی نووسەریش لە هەموو پیشەكانی تر بەلامەوە گەورەترە.