دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیر کراوانی لالەزار بۆ مانگی 12 دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند: “کەمێک بەر لەئێستا دادگای سلێمانی بڕیاریداوە لە ڕۆژی 16.12.2026 دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 406 بەڕێوەبچێت.”
دانا تەقیەدین گوتیشی: “داواكاریی دواخستنەكە لەسەر پێشنیار و داوای خۆمان بووە، بەڵام دادگا خۆی ئەو رۆژەی دیاریكردووە.”
پێشتر و رۆژی پێنجشەممە 14.10.2026 کۆتا دانیشتنی دادگایی لاهوور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو و دادگا بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دا؛
-لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا
-پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا درا
-رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا
-بە بڕیاری دادگا دوو لە گیراوەکان بەناوەکانی (کەیوان موحەممەد و عومەر شێخە) ئازاد کران
-ئاراس و رەمەزان، دوو گیراوی دیکەی لالەزار بە بڕیاری دادگا یەک ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران
-گیراوەکانی دیکەی لالەزار بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران