ڕۆژنامەنووسێک زانیاری دەربارەی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت؛ مەسرور بارزانی ماوەی چەند ڕۆژێکە گەیشتوەتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سەرقاڵی لۆبیەکی بەهێزە بۆ چەند پرسێکی هەستیار.
بەشدار بازیانی، ڕۆژنامەنووسی شاری سلێمانی لە پۆستێکی فەیسبووک بڵاویدەکاتەوە؛ “مەسرور بارزانی بەهاوکاری (مارکۆ ڕۆبیۆ و وەزیری خەزانە و چوار کۆنگرێسمانی کۆماریەکان) سەرقاڵی ڕازی کردنی ئیدارەی ترامپن بۆ جیاکردنەوەی بەشە بودجەی کورد لە بەغداد لەنێو وەزارەتی خەزانەی ئەمریکاوە.”
بازیانی ڕوونی دەکاتەوە مەبەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ جیاکردنەوەی بەشە بودجەی کورد ئەوەیە، “ مەسرور بارزانی داوا لە ئیدارەی ترامپ دەکات هاوکاری بن بۆ ئەوەی کورد خۆی نەوت هەناردە بکات و دواتر پارەکە لە وەزارەتی خەزانە بەجیا هەڵبگیرێت و وەکو ئەو هاوکاریەی مانگانە دەیدەنە پێشمەرگە بیگێرنەوە بۆ حکومەتی هەرێم .”
بەشدار بازیانی ئەوەش ئاشکرا دەکات؛ مەسرور بارزانی وەکو نوێنەری کورد، و باڵێکی سونەکان )خەنجەر و جەماعەتەکەی(چووەتە ئەمریکا. وە باس لەوە دەکات، “لۆبی مەسرور بارزانی تا ڕادەیەک بەهێزە و دیاریەکیشی هەیە کە ئەم ماوەیە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە دونیادا لە هەولێر دەکرێتەوە جگە لە دروست کردنی بنکەیەکی سەربازی زەبەلاح.”
دواتر چی ؟
ڕۆژنامەنووسەکە باس لە پلانەکانی مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت؛ “مەسرور بارزانی دەیەوێت دیدارێکی لەنێو کۆشکی سپی لەگەڵ خودی ترامپ هەبێت و وەکو سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لێ بکەن، بەتایبەت لەم کاتەدا کە شیعەکانی عێراق خەریکی تێپەڕاندنی یاسای حەشدن و گوێ نادەنە بڕیار و هۆشداریەکانی ئەمریکا.”
ڕۆژنامەنووس، بەشدار بازیانی لە درێژەی قسەکانی باس لەوە دەکات؛ “ ئەگەر یاسای حەشد لەم دوو ڕۆژەدا تێپەڕێندرێت بەئەگەری زۆرەوە ئەمریکییەکان داواکارییەکەی کورد و بارزانی قبوڵ دەکەن و ئیدی نەوت بەسەربەخۆ هەناردە دەکرێت و پارەکەشی بەو جۆرەی لێ دەکرێت.”
بازیانی کۆدەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت:
ئەگەر ترامپ پێشوازی لە مەسرور بارزانی کرد کەواتە نەوت بەسەربەخۆ هەناردە دەکرێت و ئەمە بە خودی سودانیش گوتراوە “گوشاری زیاتر لە کورد دەرئەنجامی باشی نابێت”.
ئەگەر پێشوازی نەکرد، هەنگاوی دووەم دێت کە گوشاری ئەمریکییەکانە تا سودانی هەم مووچە بنێرێت و هەم شیعەکان مووچەی فەرمانبەرانی کورد نەکەنە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو.
پەیوەندی هەولێر و بەغداد دوای ئەم سەردانە دەچێتە قۆناغێکی تەواو نوێ.