ئاڕتی بانک بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە بڕی 7 تاوەکو 30 ملیۆن دینار قەرز دەداتە هاووڵاتییان
هاوڕێ رەشید، جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکان لە ئاڕتی بانک ڕایگەیاند: “هاووڵاتییان دەتوانن لە ئاڕتی بانک، داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی درێژخایەن بۆ ماوەی حەوت ساڵ. بە قیستی درێژخایەن قەرزەکە دەدرێتەوە، بەڵام شەش مانگی یەکەم هاووڵاتی قەرزەکە ناداتەوە.”
جێگری بەڕێوەبەری بەشی کۆمپانیاکان لە ئاڕتی بانک روونیشیکردەوە، کە بڕ و جۆری قەرزەکە بە خواستی هاونیشتمانیان دەبێت و گوتی: “هاووڵاتی جۆری قەرزەکە هەڵدەبژێرێت، پێدانی قەرزەکە بە گوێرەی بژاردەی هاووڵاتییە، ئاخۆ چەند پانێلی سۆلار دەکڕێت، پاتری دەکڕێت یان نا، سیستمەکەی چەندی تێدەچێت و خەرجییەکەی چەندە.”
بانکەکانی عێراق و ئەوانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە تۆمارکراون و لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەستیان کردووە بە پێدانی قەرزی کارەبای وزەی خۆر. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە، کە بڕی یەک تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە.