بەپێی دواکۆتایی ڕووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزان، ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە 25% لە ساڵی 2022ەوە بۆ 16% دابەزیوە. پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش لە نزمترین ئاستەکانی هەژاری لە وڵاتدا جێگیر بوون.
ئەنجامی ڕووپێوییە نوێیەکە کە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، جیاوازییەکی بەرچاوی نێوان ئاستی هەژاریی پارێزگاکان دەخاتەڕوو. پارێزگای موسەننا بە ڕێژەی 43.6% بەرزترین ئاستی هەژاریی تۆمار کردووە، لە بەرامبەردا هەولێر بە ڕێژەی 5.9% کەمترین ئاستی هەژاریی لە عێراق هەیە.
ڕیزبەندی پارێزگاکان بەپێی ڕێژەی هەژاری
| پارێزگا | ڕێژەی هەژاری |
|---|---|
| موسەننا | 43.6% |
| بابل | 34.4% |
| دیوانییە | 28.9% |
| بەسرە | 27.9% |
| نەجەف | 25.2% |
| واسط | 19.5% |
| کەربەلا | 18.2% |
| سەڵاحەدین | 17.4% |
| میسان | 16.3% |
| دیالە | 15.8% |
| زیقار | 15.0% |
| ئەنبار | 14.2% |
| نەینەوا | 13.0% |
| بەغدا | 12.5% |
| کەرکووک | 9.5% |
| دهۆک | 8.7% |
| سلێمانی | 7.9% |
| هەولێر | 5.9% |
لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا، هەولێر بە ڕێژەی 5.9% لە پێشەنگی نزمترین ئاستی هەژارییە، دوای ئەویش سلێمانی بە 7.9% و دهۆک بە 8.7% دێن. ئەم ڕێژانە هەموو پارێزگاکانی هەرێم لە نێوان ئەو ناوچەیە داناوە کە کەمترین ئاستی هەژارییان لە عێراقدا تۆمار کراوە.
هۆکارەکانی دابەزینی هەژاری
دابەزینی ڕێژەی هەژاری بەشێک لە کاریگەریی بەرنامەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو توێژانە دەزانرێت کە بە پشتبەستن بە داتا و زانیارییە نوێکان دیاریکراون.
بەڵام، لەگەڵ دابەزینی هەژاری، بێکاریی گەنجان هێشتا یەکێکە لە ئاڵەنگارییە سەرەکییەکانی ئابووریی عێراق. گرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە بریتین لە:
- کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەتدا.
- هەمەچەشن نەبوونی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان.
- خواستی زۆری گەنجان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا.
- نەگونجانی پسپۆڕیی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی بازاڕی کار.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کۆکردنەوەی داتا
پڕۆسەکانی ئامار و ڕووپێوی لە عێراق بە شێوەیەکی زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان دەبەستن؛ لەوانە ژیریی دەستکرد (AI)، سیستەمەکانی زانیاریی جوگرافی (GIS) و ئامێرە تابلێتییە هاوچەرخەکان.
بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە وردی و کوالیتیی نیشاندەرە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بەرز کردووەتەوە. هەروەها، هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئامارییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بووە بۆ پێشکەشکردنی وێنەیەکی نزیکتر لە ڕاستیی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراق.