حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێخۆشبوونی گومرگی و پاڵپشتی کارەبای کشتوکاڵی پێشکەش بە پڕۆژەکانی ماسی دەکات، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار پەنجە ماسی دەخاتە نێو بەنداوەکان.
بە مەبەستی زیادکردنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند؛ کە ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار پەنجە ماسی دەخەینە نێو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و بەنداوی دووکانیش دەوڵەمەندترین سەرچاوەی سامانی ماسی هەیە. هەروەها دەشڵێت: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی زیادکردنی سامانی ماسی، ڵێخۆشبوونی گومرگی بۆ پڕۆژەکانی ماسی دەرکردووە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “یەکەم هەڵمەتی ئەمساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەستپێدەکات و زیاتر لە 400 هەزار پەنجەماسی، دەخەنە نێو بەنداوی دووکانەوە”.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پرۆژەکانی بەرهەمی ماسی دەرکردووە و کارەباکەشیان بە نرخی کارەبای کشتوکاڵی هەژمار دەکرێت نەك بازرگانی، تاوەکوو تێچووی بەرهەمهێنانیان لەسەر كەم ببێتەوە و بڕی بەرهەم زیاد بكات.