2 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی سوودمەندن لە پڕۆژەی ڕووناکی

پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فراوانبووندایە و بەگوێرەی داتای فەرمیی پڕۆژەکە، لە ئێستادا 2.7 ملیۆن هاووڵاتی و 100 هەزار ناوەندی بازرگانی خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین. هەروەها لە لایەکی ترەوە، پڕۆژەکە بووەتە هۆی هەڵگرتنی 2500 مۆلیدەی ئەهلی.

پڕۆژەی رووناکی ڕایگەیاند: “پرۆژەی ڕووناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە دەستڕاگەیشتن بە وزە لە سەرانسەری هەرێمدا دەکات. ئێستا زیاتر لە 2,7 ملیۆن هاووڵاتی و زیاتر لە 100 هەزار ناوەندی بازرگانی سوودمەندن لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و دابینکردنی کارەبای جێگیر خزمەتگوزارییە گشتیەکانی بەرزکردووەتەوە و ژیانی ڕۆژانەی باشتر کردووە و متمانەی بە داهاتووی ئابووری ناوچەکە، داوە.”

هەروەها پڕۆژەی ڕووناکی ئەوەشی راگەیاند، “پڕۆژەکە بووەتە هۆی نەهێشتنی 2500 مۆلیدەی ئەهلی لە شارەکان. ئەم هەنگاوە پیسبوونی ژینگەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە و ئەمەش یەکسانە لەگەڵ ئامانجەکانی ژینگە و تەندروستی گشتی. هاوکات، بەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، شارەکان بێدەنگتر، پاکتر و سەلامەتتر دەبن بۆ دانیشتووان.”

پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە ئێستادا لە فراوانبووندایە و بە گوێرەی گوتەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026، پڕۆژەکە دەگەیننە گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.