هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە؛ هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی بەرگریی ئاسمانییەوە بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2029، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو کەشتییانە سیستەمی رادار و ئاراستەکردنیان کوژاندبووەوە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی، هەوڵیان داوە بەو رێڕەوە باشوورییەدا تێپەڕن کە قەدەخەیە.
بە گوتەی سوپای پاسداران، کەشتییەکان بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقیونەتەوە، هۆشداریشی دا، رێڕەوەکە بە مین چێنراوە و بەرپرسیارێتیی تێپەڕین بەو ناوچانەشی خستە ئەستۆی خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیان.
سوپای پاسداران لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیان کرد، گوێ بەو لێدوانانە نەدەن کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم” لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردوونەتەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، بە توندی ڕووبەڕووی هەر کارێکی نەخوازراو دەبنەوە کە سوپای ئەمریکا پشتیوانی لێ بکات و ڕێز لە یاساکانی گەرووی هورمز نەگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز درۆنێکی ئەمریکایان لە جۆری (MQ-1) پێکا و خستیانە خوارەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، درۆنەکە لە ئاسمانی بەرانبەر ناوچەی “سیریک” تێکشکێنراوە، ئەمەش 14ـیەمین درۆنی لەو جۆرەیە لە لایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئێرانەوە دەخرێتە خوارەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ـی ئەمریکی کردووەتە ئامانج بە بیانووی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی یان ئەنجامدانی کاری سیخوڕی.
لە ئێستاشدا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا چاودێرییە ئاسمانی و دەریاییەکانی لە کەنداو و گەرووی هورمز چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەرکەوتنی سەربازی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمەکانی بەرگریی ئێران زیاتر ببێت.