وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کشانەوەی هێزەکانی  ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کاتێکی هەستیاردایە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، بارودۆخی عێراق ناسەقامگیرە و پێویستی بە بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە و جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، ئەرکی حکومەتی عێراقە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و هێزی پێشمەرگە بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، لەگەڵ سوپای عێراق پەیوەندیی دەستووری و ئەمنی پتەومان هەیە و خەڵک دڵنیادەکەینەوە کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە.

گفتوگۆکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان بەغدا و واشنتن. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، بڕیارە تاوەکوو کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026، زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.