قوتابخانەی روانگە لە رانیە دەکرێتەوە

باڵەخانەی «قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە» لە گەڕەکی هەواری شاری سەر بە شاری ڕانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە لایەن دەزگای روانگەوە تەواوکرا و لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومی و پەروەردەیی، ڕادەستی کەرتی پەروەردە کرا.

پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە جێبەجێکراوە؛ بڕی یەک ملیار و 741 ملیۆن و 275 هەزار و 300 دیناری تێچووە و کارەکانی لە ماوەی 547 رۆژدا تەواو کراون.

ژینگەیەکی نموونەیی بۆ فێربوون

حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکە ڕایگەیاند:

“ئامانجی سەرەکیی دەزگای روانگە لە بنیاتنانی ئەم قوتابخانەیە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی پەروەردەیی نموونەیی و هاوچەرخە بۆ منداڵان و قوتابییانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە شێوازێک کە سەرجەم کەرەستە و تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی سەردەمی تێدا دابین کراوە تا ئاستی فێربوون بەرەوپێش ببات.”

پانتایی و پێکهاتەی باڵەخانەکە

کۆی گشتیی ڕووبەری زەویی پڕۆژەکە 7,000 مەتری چوارگۆشەیە؛ 2,923 مەتری بۆ باڵەخانە و 4,770 مەتریشی بۆ ڕووبەری کراوە تەرخانکراوە. باڵەخانەکە لە دوو نهۆم و 18 پۆلی خوێندن پێکدێت:

  • نهۆمی یەکەم (1,890 م²): شەش پۆلی خوێندنی مۆدێرن، هۆڵی گشتیی کۆبوونەوە بە سەکۆی تایبەت، بەشی کارگێڕی (ژووری بەڕێوەبەر، یاریدەدەر، مامۆستایان، هۆڵی کۆبوونەوە و کۆگا)، کافتریا، ژووری فریاگوزاریی پزیشکی و کۆمەڵگەی تەندروستی (لەوانەش توالێتی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان).
  • نهۆمی دووەم (1,033 م²): 12 پۆلی خوێندنی هاوچەرخ، کتێبخانەیەکی مۆدێرن، سێ تاقیگەی زانستی بۆ وانەکانی فیزیا، کیمیا و بایۆلۆجی، دوو پەیژەی سەرەکی، پەیژەی فریاگوزاری و بەشی خزمەتگوزاریی سەربەخۆ.
  • ڕووبەری کراوە و وەرزش: یاریگایەکی فووتساڵ بە رووبەری 534 م² بە پەرژینی ئاسنین و سیستمی ڕووناکییەوە، 1,703 م² سەوزایی و چیمەنی سروشتی بە ڕواندنی 65 درەخت، هەروەها 2,350.4 م² ڕێڕەوی پیادەی کۆنکرێتی نەخشێندراو.

سیستمە پێشکەوتووەکان و دۆستی ژینگە

قوتابخانەکە بە نوێترین تەکنەلۆژیای پاراستنی ژینگە و سیستمی سەردەمیانە ئامادەکراوە:

  • وزە و کارەبا: بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆری On-Grid بە توانای 15KW، گەرمکەرەوەی ئاوی خۆر، وێستگەی کارەبای KIOSK بە توانای 160KVA، کارەبای جێگرەوەی UPS بە توانای 10KVA و گڵۆپی LED بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی وزە.
  • پاراستنی ئاو و فێنککەرەوە: سیستمی کۆکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی باران بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ سیستمی فێنککەرەوە و هەواگۆڕکێ بە سپلیتی 9 هەزار تا 36 هەزار BTU.
  • ئاسایش و سەلامەتی: دابینکردنی 34 کامێرای چاودێری (18 دەرەکی و 16 ناوەکی)، سیستمی ئاگادارکردنەوە لە ئاگر بە 53 هەستەوەر، سیستمی ئاگرکوژێنەوەی خاوەن بڕوانامەی نێودەوڵەتی، و بەستنەوەی سەرجەم پۆلەکان بە تۆڕی زانیاری و پرۆجێکتەر.