وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە قاهیرە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆمکاری عەرەبی و تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان گەیشتە قاهیرە.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە قاهیرە و سەرۆکایەتیی شاندی عێراق لە کۆبوونەوەی 166ـی کۆمکاری عەرەبی دەکات.

عێراق لە دانیشتنی خولی 166ـی کۆمکاری عەرەبیدا لە قاهیرە، دۆسیەی گرژییە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ؛ ئامادەبوونی شاندی بەغداد لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا لەسەر گۆڕانکارییە ناوچەییەکان چڕبوونەتەوە.

کۆمکاری عەرەبی کە لە ساڵی 1945 لە قاهیرە لەلایەن 7 دەوڵەت بە عێراقیشەوە دامەزراوە و ئێستا 22 وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت، ئەم دانیشتنە وەک سەکۆیەک بەکاردەهێنێت بۆ یەکخستنی تێڕوانینەکان؛ نوێنەرانی وڵاتان گفتوگۆ لەسەر ئاستەنگە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان دەکەن تاوەکو ڕێگری لە فراوانبوونی قەیرانەکان بکەن و هاوسەنگیی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی جیهان بپارێزن.