ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە گیراوانی دۆسیەی لالەزار لە بەردەم دادگا ئامادەبوون، شەش کەسیان وتەیان لێوەرگیرا، سەرجەمیان وتەکانی پێشتریان ڕەتکردەوە بەبیانووی ئەوەی لە ئاسایشی سلێمانی بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجە وتەیان لێوەرگیراوە.
ڕووداوە ناخهەژێنەکە چییە؟
تیمی پارێزەران کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون ڕووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕنەوە؛ دۆسیەكە و دانیشتنەكەی دادگا لە كەش و هەوایەك بوو تۆمەتباران قسەی دڵی خۆیان كرد، بەجۆرێك قسەیان دەكرد كە هیچ خەمی ئەوەیان نەبوو ئەشكەنجە دەدرێن رەنگە دۆخی زیندانی ئاسایش ئەو كەشەی بۆ رەخساندبن.
قسەی یەكێك لە تۆمەتباران هۆڵەكەی وروژاند، سەرجەم وتەكانی پێشووی رەتكردەوە و وتی تاوەكو بەنزینخانەی بینایی چووە و دەستگیركراون، ئەوەی وتومە پێشتر لە ژێر ئەشكەنجەدابووەو بەدەست خۆم نەبووە.
ڕەمەزان كە پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگییە، بە شەڕواڵ و تیشێرتێكەوە كە سەرو ڕیشی سپی ببوو، هێنایانە هۆڵەكە بەسەیركردنی كچە نەخۆشەكەی و هاوسەرەكەی دڵی پڕبوو، بەڵام هەر زوو وەكو باوكێكی بەهێز شاردییەوە و بەزەردەخەنەیەك دەستی بۆكچەكەی بەرزكردەوە كە تووشبووی شێرپەنجەیە.
ڕەمەزان جاروبار دەست و قاچی دەلەرزی خۆی بە شیشی قەفەزەكەوە رادەگرت، نەیدەتوانی بەباشی بوەستێ و بڕوات تەنانەت نەیدەتوانی بەباشیش قسە بكات، ئەم دیمەنە زۆرینەی هۆڵەكەی گریاند.
جگە لە خراپی تەندروستی، نەیتوانی لە هۆڵەكەدا باسی جۆری ئەو ئەشكەنجەدانە بكات كە تەندروستی و دەروونی تێكداوە، نەیدەویست كچ و هاوسەرەكەی و بەشداربوانی هۆڵەكە گوێبیستی ئەشكەنجەدانەكەی ببن.
دەیویست ئەشكەنجەدانەكە ئاشكرا بكات، بەڵام بەمەرجێك خەڵك و كەسوكارەكەی نەیزانن، دواجار لەسەر پارچە وەرەقەیەك شێوازی ئەشكەنجەدانەكەی بۆ دادوەرەكان نووسی و كەس نەیبینی.
ئێستا دادگای سلێمانی بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و پشکنینی بەڵگەکان، تا ئێستاش ئەو بانگەشانەی تۆمەتباران سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانان بە زۆر، لەلایەن دادگاوە بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە و دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.