ژنێک بە نەوت لەلایەن هاوسەرەکەی سووتێندرا

کچێکی تەمەن 17 ساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە شەوی ڕابردوو لە کەرکووک گیانی لەدەستدا و هێزە ئەمنییەکانیش هاوسەرەکەیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستگیرکرد.

 ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی شەریکە تاریق لە شاری کەرکوک ڕوویداوە و ژنێکی گەنج بە سوتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، قوربانییەکە کە ناوی (ن.م) بووە و تەمەنی تەنها 17 ساڵ بووە، پێش گیانلەدەستدانی سکاڵای یاسایی دژی هاوسەرەکەی هەبووە و لە قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کردووە کە مێردەکەی بە نەوت سوتاندوویەتی.

 دوای ڕووداوەکەش دەستبەجێ پۆلیس توانیویەتی هاوسەرەکەی دەستگیر بکەن و دۆسیەی یاسایی بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە.