زمانی کوردی بۆ تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان دەکرێتە مەرج

 سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ڕێکارەکان تووند دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: کە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەر دووکانێک یاخود شوێنێکی بازرگانی تابلۆکەی بە زمانی کوردی نەبێت، لێدەکرێتەوە.

 سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات  کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت و ڕێکارەکان تووند دەکرێن.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە سنووری قەزای خانەقین، پرسی بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان ڕووبەڕووی قەدەغەکردن بووەوە و لە دژی زمانی کوردی هەنگاو نرا، کە کاردانەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی جەماوەری و میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا.