10 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر خرانە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2026 دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 2ـی ئەیلوولی 2026، 10 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر خراونەتە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، 10 درۆنەکە لە نێوان کاتژمێر 01:13 تا 03:31ـی بەرەبەیان، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خراونەتەوە خوارەوە.
لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانیشەوە، دژەتیرۆری کوردستان باسی لەوە کردووە، “خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران.