کاروان یاروەیس: فەرمانی دەستگیرکردنم دوورە لە ڕاستییەوە

کاروان یاروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان-خانەقینی یەکێتی، هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆی دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026 کاروان یاروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین ڕایگەیاند: هەواڵەکانی تایبەت بە دەستگیرکردنی ئەسڵ و ئەساسیان نییە و وەک نوێنەری خانەقین لەسەر کارەکانی بەردەوامە.

کاروەن یاروەیس، ئاشکرای کرد کە بڕیاری هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکان بەهۆی پاراستنی گیانی چالاکوانان و نەبوونی دڵنیایی ئەمنی بووە، نەک فشارە یاساییەکان.

سەبارەت بە دەنگۆی دەستگیرکردنی 41 ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، ئاماژەی بەوە کرد کە بە فەرمی هیچ شتێکیان پێنەگەیشتووە، بەڵام داوا دەکەن دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و فەرمانەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.

جەختی کردەوە کە داواکردنی جێبەجێکردنی ماددەی 140 مافێکی دەستوورییە و نابێت ڕێگری لە داواکارییە یاساییەکانی خەڵکی ناوچەکە بکرێت.