سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان زیاد ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2026 سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و ئەندامی لیژنەی کاتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ” وەزیری نەوت پێی گوتین ناتوانین بەرهەمەکانی نەوت و بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین.”
سیپان شێروانی ئەوەی خستەڕوو، هەڵوێست و قسەکانی بەرپرسانی عێراق لەگەڵ کردارەکانیان جیاوازی هەیە، هەرێمی کوردستان زیاتر لە چارەسەرێکی پێشکەش کردووە لەوانەش پێدانی بڕی پێویستی نەوتی خاو بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان، یان هاوتاکەی بە بەنزین یان پشکی کوردستان لە سووتەمەنی هاوردەکراو بەڵام ئەوان ئامادەنین هیچ کامێکیان جێبەجێ بکەن.
باسی لەوەشکرد، لەسەر هەمان بابەت سبەی میوانداری بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەن، دوای کۆبوونەوەکەش لیژنەکەیان پێشنیازی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.