تۆم باراک: بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ مێژووییە

تۆم باراک، باڵوێزی ئەمریکا له‌ توركیا و نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا، له‌ په‌یامێكدا ستاییشی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزەكانی سووریای دیموکرات کرد.

تۆم باراک لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد: “ئەو بڕیارە تەواو مێژووییە و پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگە بە هاوبەشێکی بەهێز دەدات، بەم شێوەیەش سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموان بونیاد دەنرێت.”

تۆم باراک ستاییشی سەرکردایەتییە دووربینەکەی ترەمپی کرد بۆ ڕێگه‌ خۆشكردن بۆ یەکخستنی ڕێکوپێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، گۆڕینی دابەشبوونەکانی ڕابردوو بۆ هاوپەیمانییەکی بەردەوام و پێدانی دەرفەت بە گەلی سووریا بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش.

هه‌روه‌ها جەختی لەسەر بە فەرمیی ناساندنی زمانی کوردی لە پرۆسەی خوێندندا کردەوە، کە داواکارییەک بوو مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە خستبوویە ڕوو.

تۆم باراک،‌ پەیامەکەی بە دروشمی یەک سوپا، یەک حکومەت، یەک دەوڵەت کۆتایی پێ هێنا، گوتیشی: “یەکخستنی ڕاستەقینە بەم شێوەیەیە، هیچ براوە و دۆڕاوێک نییە، بەڵکو هاوبەشەکانی پێشوو بە دیدگای جیاوازەوە چارەسەرێکی دیپلۆماسی دادەڕێژن بۆ بەهێزکردنی وڵاتی خاوەن سەروەریی سووریا.”