لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی نادڵنیایی لە زنجیرەی دابینکردنی وزە، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ پێنجەم ڕۆژی لەسەریەک ڕەوتێکی سەرووژووری تۆمار کرد.
بەپێی کۆتا ئامارەکانی ئاڵوگۆڕی بازاڕ، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.28% ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 91.87 دۆلار، هاوکات نرخەکەی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووزی ڕابردووەوە. لە هەمان کاتدا، نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ئاستی 86 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تۆمار کرد.
شیکەرەوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڕەشە بەردەوامەکان لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی ڕێژەی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو ڕێڕەوە گرنگەدا، بوونەتە پاڵپشتی سەرەکیی مانەوەی نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا. لەم بارەیەوە، هیرۆیۆکی کیکوکاوا، شارەزای ستراتیژی لە دامەزراوەی “نیسان سیکیوریتیز” ڕایگەیاند، بازاڕەکە تێکەڵەیەکە لە نادڵنیایی بەرامبەر ئایندەی گفتوگۆکان و دروستبوونی گرژی لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران، ئەمەش وایکردووە نرخی سوتەمەنی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەرووتر بچێت.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیاری ئیمارات بۆ هەڵپەساردنی سەرجەم مامەڵە ئابووری و داراییەکانی لەگەڵ تاران فشاری زیاتری خستووەتە سەر بازاڕەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا نیشانی دەدەن، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نەبوڵاو لە یەدەگی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە، بەڵام یەدەگی کۆگاکراوی دیزڵ و سووتەمەنیی گەرمکەرەوە بۆ سێیەم هەفتەی متواتر داڕمانی بەخۆیەوە بینیوە.