دادگای تاوانەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپی چەکداری، ڕفاندن و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئابی 2026 دادوەر فەخرەدین عوریان، سەرۆکی دانیشتنی دادگاییکردنەکە ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی تۆمەتبار وەسیم ئەسەدیان سەلماندووە لە دروستکردنی گرووپی چەکداریی نائاسایی بە ڕێنمایی عەمید غیاس دەلا، کە ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج.
بەپێی بەڵگەکانی دادگا، گرووپەکەی وەسیم ئەسەد هەستاون بە هێرشکردنە سەر فرۆشگایەک لە شارۆچکەی جەرمانە، دزینی کەلوپەلەکانی و ڕفاندنی خاوەنەکەی تەنیا بەهۆی هەڵوێستی دژ بە ڕژێمی پێشوو. هەروەها ناوبراو تێوەگلاوە لە چەندین پرۆسەی دیکەی ڕفاندن، کوشتن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
سزاکەی وەسیم ئەسەد بەهۆی بەشداریکردنیەتی لە تاوانی کوشتنی بەمەبەست، ئەشکەنجەدان، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، کە لە سەرەتای ساڵی 2011ـەوە لە چوارچێوەی فیرقەی چوارەمی سەر بە ڕژێمی پێشوو ئەنجامی داون.