بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوودا کاتێک دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تووشی ئاڵۆزی و ناڕوونی بوون سەبارەت بەوەی کێ بە ڕاستی لە ئێراندا بڕیار بەدەستە، ئیدارەی کۆشکی سپی پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێنا تاوەکو چەند پەیامێک بە بەرپرسانی ئێران بگەیەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026 ماڵپەری هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوودا دانوستکارانی ئەمریکا کە هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، ڕووبەڕووی کێشەیەک بوونەوە، ئەوان نەیاندەزانی ئایا ئەو کەسانەی لە بەرانبەریان دانیشتوون بەڕاستی نوێنەرایەتی سوپای بەهێزی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، یان نا.
بۆیە ئەمریکا بۆ دڵنیابوونەوە لە هەڵوێستی سوپای پاسداران ویستوویەتی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانەوە بکات، بۆ ئەمەش داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە پەیوەندی بە سەرکردایەتیی پاسدارانەوە بکات؛ ئەمەش بەو پێیەی ناوبراو متمانەی هەردوولایەنی ئەمریکی و ئێرانی هەیە، سیاسییەکانی تاران و واشنتن دەناسێت، زمان و پێگەی دیپلۆماسیی بەهێزی هەیە.
دەوروبەری 10ـی ئایار، تەڵسی گابارد، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و داوای لێ کردووە قسە لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران بکات و هەڵوێستی سوپای پاسداران لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بزانێت.
گابارد بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس ڕێگەیان بەو داوە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئەنجام بدات و ئەوەشی گوتووە کۆشکی سپی دەیەوێت بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران هاوڕان لەسەر ئەوەی قالیباف و عێراقچی دانوستانیان لەسەر کردووە، یان بیرۆکە و داواکاریی دیکەیان هەیە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و وەحیدی، بارزانی پەیوەندیی دەکات بە گاباردەوە و وەڵامەکەی وەحیدی پێ دەگەیێنێت، ئەویش وەڵامەکە دەگەیێنێتە کۆشکی سپی.
کێشەی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ لە ئێستا و هەر دانوستانێکی داهاتووشدا ئەوەیە، دڵنیا بێت لەوەی قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بەڕاستی خاوەن بڕیارن. ئەمەش واتە دۆزینەوەی ئەو نێوەندگیرانەی کە هەم کۆشکی سپی و هەم ڕژێمی ئێران متمانەیان پێیان هەیە.