عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، کە لێک نزیک بوونەوەی باشیان لەگەڵ یەکێتی هەیە و هەرچی سەبارەت بە نەوەی نوێیە دەڵێت: “پارساڵ لە ڕێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندییان پێوە کردوون کە حکومەت پێکبهێنین بەبێ یەکێتی بەلام پارتی ڕازی نەبووە.”
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026 عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند: نزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە و دانیشتنەکان ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان دەبێت. ئاشکراشی دەکات؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بێ ئەوەی بۆ ڕاگەیاندن ئاشکرا بکرێت دانیشتنیان هەبووە، لەم هەفتەیەشدا دانیشتنی دیکە دەکرێت و هەنگاوەکان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتن.
عەلی حوسێن گوتیشی: “ئێستاش حیسابی ئەوەمان نەکردووە کە یەکێتی 23 کورسیی هەیە، بەڵکو حیسابی ئەوەمان کردووە کە یەکێتی هاوبەشی ئێمەیە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک هەڵبژاردن کراوە، دەبێت ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش بگیرێت.”
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، دەڵێت، مانگی9ـی پارساڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندییان پێوە کردوون و پێشنیازیان کردووە 15 کورسییەکەیان لەگەڵ پارتیدا بکەنە 50 کۆ یەک و حکومەتی هەرێم بەبێ یەکێتی پێکبهێنن، بەڵام پارتی لەبەر دوو هۆکار ئامادە نەبووە؛
یەکەمیان ئەوە بووە کە نەمانویست بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین چونکە پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکترن، و دووەمیان لەبەر ئەوە بوو کە لەو کاتەدا شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بوو و پێمان باش نەبوو ڕێککەوتن لە زیندان بکرێت، بەڵکو پێمان باش بوو ئازاد بێت تاوەکو بە ئازادی ڕێککەوتن بکەین.