گەردوونناسێک: ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەی بەهێز لە هەرێمی کوردستان هەیە

گەردوونناسێكی دیاری كورد دەڵێت: “ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان، هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی دیكەی جیهان، كەوتووەتە سەر ناوچەی چالاكیی بوومەلەرزە، بۆیە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە بەشێوەیەكی بەردەوام پێشبینی كراوە.”

ئەمڕۆ شەممە 15ی ئابی 2026 لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونناسی و زانستە سرووشتییەكان ڕایگەیاند: ” بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی خاكی كوردستان، ڕوودانی بوومەلەرزە لەو ناوچەیە، لە هەموو كاتێكدا ئەگەرێكی كراوە و پێشبینیكراوە، ئەو زانیارییەش بۆ دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ نییە، بەڵكو بۆ هۆشیاركردنەوە و ئامادەكاریی بەردەوامە.”

ئەو شارەزایەی گەردوونناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، ” ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە بە دیوی باكوور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەكگەیشتنی پلێتە تەكتۆنییەكانی ژێرزەوی، بەهێزترە. كە بەدیاریكراوی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان دەگرێتەوە.”

لوقمان حەوێز دەشڵێت: “لە بواری تەلارسازی و ئەندازیاری، دۆخەكە پێویستی بە ئامادەكاریی بنەڕەتی هەیە كە پێویستە ڕێنماییەكانی دروستكردنی باڵەخانە بەتەواوی ڕەچاو بكرێت و زیاتر كۆنكرێت و پێكهاتەی ئاسنی بارستە قورس لە كۆڵەگەكان بەكاربهێندرێت، لەگەڵ بەكارهێنانی كەرپووچ و تەنی سووك لە دروستكردنی دیوار، لەگەڵ پێشخستنی توانای تیمەكانی فریاگوزاری لەڕووی ئامێر، تەكنەلۆژیا و ڕاهێنانی كادیران.”

بەپێی نەخشەی بەیەكگەیشتنی پلێتە تەكتۆنییەكانی ژێرزەوی كە لەلایەن دامەزراوەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریكی (USGS) وەكو سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی جیهانی پشتڕاستكراوەتەوە، خاكی كوردستان كەوتووەتە ناوجەرگەی هێڵی بەیەكگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەكتۆنی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان.