کاتی دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی 750 دیناری ڕاگەیەندرا

لە سبەینێوە بەنزینی بازرگانی بە نرخی 750 دیناری بۆ هەر لیترێک دابەشدەکرێت و لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێریش نزیکەی 80 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2026 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “لە سبەی شەممەوە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە بەنزینخانە بازرگانییەکان دابەش دەکرێت و دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکومیش بەردەوام دەبێت و لە ماوەی داهاتووش کۆبۆنی بەنزین نامێنێت.”

هێمن قادر گوتیشی: “ڕۆژانە نزیکەی 24 بەنزینخانە بەنزینی حکومی بە نرخی 750 دینار بەشێوەی کۆبۆن دابەش دەکەن، لە سبەشەوە زیاتر لە 50 بەنزینخانەی دیکەی بازرگانی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە نرخی 750 دینار دابەش دەکەن و بە هەردووکیانەوە دەبنە نزیکەی 80 بەنزینخانە کە بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی 750 دیناری دابەش دەکەن.”

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان ڕاسپێردراون چاودێری بەنزینخانەکان بکەن، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی کوالێتی نزم بفرۆشێت لەلایەن لیژنەکانی چاودێرییەوە سزایی دارایی و کارگێڕی دەدرێت تا ئاستی داخستنی بەنزینخانەکەی.”

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە فرۆشتنی یەک لیتر بەنزینی بازرگانیی کوالێتی نۆرماڵ نرخەکەی دەبێتە 750 دینار جیاوازیی نرخەکە لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.