ئامادەکردنی ڕەشنووسی پێشنیازی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی 2027 دەستیپێکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پێشنیازی پشکی بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، کە وردەکاریی پێداویستییە داراییەکانی لە خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان تێدا دەستنیشان دەکرێت.

گرنگترین زانیارییەکان لەسەر پڕۆسەکە:

کاتی ڕادەستکردن؛ د.جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، پێویستە تاوەکو 15ی ئابی 2026 هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان ڕەشنووسی بودجەی خۆیان بنێرن بۆ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی عێراق تاوەکو لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا جێگەی بکرێتەوە.

بنەمای گفتوگۆکان؛ بەپێی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم، ئەم ڕەشنووسە دەبێتە بنەمای دانوستاندنی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

گۆڕانکاری لە پێشنیازەکان؛ پێشنیازەکانی بودجەی هەرێم و پارێزگاکان لەسەر بنەمای داهات و خەرجییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕێکدەخرێنەوە و ئەگەری دەستکاری و گۆڕانکارییان تێدا هەیە.

پاشخانی پشکی هەرێم لە بودجەدا؛ لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا (2023 – 2025) پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار دیاری کرابوو، بەڵام لە کرداردا تەنها بودجەی بەکارخستن (بە تایبەتی مووچە) خەرج کرا کە تێکڕا مانگانە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار بووە.