چی ڕوودەدات لە ناوچەکە؟

ماڵپەرێکی ئەمریکی بلاویکردووەتەوە کە زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەنەبووە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ببینێت؛ هاوکات هەر ئەمڕۆ عەلی زەیدی باسی لەوە کردووە کە دەبیت گرووپە چەکدرەکان چەکەکانیان دابنێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026 ماڵپەرێکی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەنەبووە قائانی ببینێت و پێداگرە لەسەر ڕووبەڕوبونەوەی هەر میلیشیایەک کە چەكەكەی دانەنێت.

ماڵپەرەکە دەڵێت: کاتژمێری 0 دیاریکرابوو بۆ دژەتیرۆری عێراق کە هێرش بکەنە سەر گرووپە چەکدارەکان، بەڵام  قائانی بەپەلە گەیشتووەتە عێراق تا ڕێگری لێبكات.

ماڵپەرەکە ئاماژە بەوە دەکات، قائانی داوای كردووە زەیدی میلیشیاكان چەك نەكات ئەوانیش هێرش نەكە سەر ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو بەڵام زەیدی ئەوەشی ڕەتكردووەتەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی قسەی ئەندام پەرلەمانێک، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: “هەر گرووپێک چەک ڕادەستی حکومەت نەکات ئەوا بە هەموو هێزێکەوە ڕووبەڕوویان دەبمەوە و یان من یان ئەوان.”

لەلایەکی دیکەوە، بافل تالەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت.

نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، “وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی سەرۆک بافڵی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.”