فەرماندەی گشتیی هەسەدە، سەرکۆنەی هێرشی عەرەبە هاوردەکان بۆ سەر ئاوارە گەڕاوەکانی سەرێ کانی دەکات و هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەش دەکات، لەو دەستدرێژییانە تێوەگلاون.
ڕۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، “سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین، کە کرایە سەر ئەو خێزانە ئاوارە کوردانەی گەڕانەوە بۆ سەرێ کانی.”
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت: “گەڕانەوەی ئاوارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بووە.”
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاردانەوە و توڕەیی شەقامی کوردی بەرانبەر بەو دەستدرێژییانە تێدەگەن، بەڵام داوایان لێدەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و دوای ئەو کارە نابەرپرسانانە نەکەون و پارێزگاری لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکان بکەن.
مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکەن بۆ گرەنتیکردنی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانەش دەکات، لەو دەستدرێژییانە تێوەگلاون.