مووچە 45 ڕۆژ جارێک دابەشدەکرێت؟

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەنگۆی دابەشکردنی مووچە بۆ 45 ڕۆژێک جارێک ڕاست نییە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراقیش خەریکی ئامادەکردنی پێشنیارێکن بۆ کەمکردنەوە و ڕێکخستنەوەی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئابی 2026 موحەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ” چاکسازی دەبێت لە پلە باڵاکانەوە دەستپێبکات، لە وەزیرەوە تاوەکو بەڕێوەبەری گشتی، پێش ئەوەی بگاتە فەرمانبەرانی ئاسایی.”

موحەممەد جاسم خەفاجی گوتیشی: ” دابەشکردنی مووچەش بۆ 45 ڕۆژ جارێک ڕاست نییە، چونکە دواکەوتنی مووچە بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە و فەرمانبەران لە هەر ساڵێکدا شایستەی 12 مووچەن و ناتوانرێت کەمبکرێتەوە.”

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، چارەسەری قەیرانی دارایی پێویستی بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و بنبڕکردنی گەندەڵی لە تەندەر و گرێبەستەکان هەیە.