بۆڕیی ئاوی دووکان بۆ سلێمانی شکا

بۆڕیی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی دووکان بۆ سلێمانی شکا و بەو هۆیەوە دابەشکردنی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکە ڕاگیرا.

ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند: بۆڕیی هێڵی 2ی ئاوی دووکان لە ناوچەی قولەرەیسی بەهۆی کارکردنی ئامێرێکی شۆفڵەوە شکاوە. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانیان لە شوێنی ڕووداوەکەن و هەوڵ دە دەن بەزووترین کات بۆڕییەکە چاک بکەنەوە.

ئاوی سلێمانی هۆکاری شکانی بۆڕییەکە و وردەکاری زیاتری لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی ئەزموونی پێشوو، لە دوای شکانی ئەو بۆڕییە، زۆربەی گەڕەکانی سەنتەری شار و دەورووبەری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود کە بە شەستی سلێمانی ناسراوە، بێ ئاو دەبن.

 بڕیاربوو ئەمڕۆ بەستنی پەمپە نوێیەکان کۆتایی پێبێت و دۆخی ئاو ئاسایی ببێتەوە، بەڵام شکانی بۆڕییەکە لە ناو سەنتەری شاردا جارێکی دیکە گەیاندنی ئاوی بۆ هاونیشتمانییان پەکخستەوە.