ئەمڕۆ نرخی بەنزین لە هەرێم زیاتر بەرزبووەوە. لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەشێکی شارەکان 1500 دینارە. لیترێک بەنزینی سوپەر لە هەولێر و دهۆک 2000 دیناری تێپەڕاند و لە سلێمانی و هەڵەبجە کەمترە لەو نرخە.
ئەمڕۆ هەینی 7ی ئابی 2026 لە بەنزینخانەکانی هەرێم نرخەکان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ئاستێکی پێوانەییان تۆمارکردووە. لە پارێزگای دهۆک بەرزترین نرخ تۆمارکراوە، بە جۆرێک لیترێک بەنزینی سوپەر بە 2500 دینار دەفرۆشرێت کە 250 دیناری چووەتە سەر، هەروەها بەنزینی موحەسەن گەیشتووەتە 2250 دینار و نۆرماڵیش بە 1500 دینارە.
لە هەولێریش نرخەکان لە بەنزینخانەکاندا جیاوازن، لیترێک بەنزینی سوپەر بە 2400 دینار، موحەسەن بە 2000 دینار و بەنزینی نۆرماڵیش بە 1500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات لە پارێزگای سلێمانی نرخەکان بەراورد بە ڕابردوو گرانتر بوون، بە شێوەیەک لیترێک بەنزینی سوپەر بە 1900 دینار، موحەسەن بە 1750 دینار و بەنزینی نۆرماڵیش گەیشتووەتە 1200 دینار.
لەلایەکی دیکەوە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بەردەوامە و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەر هاووڵاتییەک 11 ڕۆژ لەمەوبەر بە کارتی ئەلیکترۆنی 40 لیتر بەنزینی وەرگرتووە، مافی ئەوەی نییە دووبارە نۆرە بگرێت بۆ وەرگرتنی 40 لیتری دیکە تاوەکو بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە.