پاسێک تەقییەوە و ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی جرمانای سەر بە گوندەوارەکانی دیمەشق لە سووریا، مینی پاسێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ناوچەکە کەوت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2026  سەرچاوە میدیاییەکانی سووریا ڕایانگەیاند:  تەقینەوەکە لە ڕێگەی مینی پاسێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە ناوچەی جرمانا ڕووی دا، کە دەکەوێتە دووریی 10 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سووریا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و زیانی گەورەی بە ناوچەکە گەیاندووە.

دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و دەستیان بە ڕزگارکردن و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان کردووە. تاوەکو ئێستاش هۆکار و سروشتی تەقینەوەکە و ئاماری کۆتایی قوربانییەکان ڕانەگەیەندراوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا، لە 7ی تەممووزدا، دوو تەقینەوەی بەهێزی یەک بەدوای یەک لە نزیک بینای وەزارەتی گەشتوگوزار و هۆتێلی “فۆرسیزنس” لە ناوەڕاستی دیمەشق ڕوویان دا.