ئەمڕۆ 81 ساڵ بەسەر کارەساتی هیرۆشیما تێپەڕدەبێت

ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هیرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی تر ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت؛ هاوکات سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە 81مین ساڵیادی ڕووداوی هیرۆشیما و ناکازاکیدا پەیامێکی سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئاراستەی جیهان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی ئابی 2026  سانای تاکاستیشی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە 81مین ساڵیادی ڕووداوی مێژوویی هیرۆشیمادا ڕایگەیاند: ژاپۆن ئامادەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە جیهانێکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و جەختی لەسەر گرنگیی پاراستن و بەهێزکردنی ڕژێمی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “یەک بۆمبی ئەتۆمی ژینگەی سروشتیی هیرۆشیمای لەناوبرد، گیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێتاوانی کێشا و شارەکەی بەتەواوی لەناوبرد، هیوا و ئومێدی دانیشتووانی شارەکەی سڕییەوە.”

هیرۆشیما شارێکە لە ڕۆژئاوای ژاپۆن، لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە ڕێکەوتی 6ی ئابی 1945دا، یەکەم شار بوو لە مێژوودا کە لەلایەن ئەمریکاوە بە بۆمبی ئەتۆمیی (لیتڵ بۆی) کاتژمێر 8:15ی بەیانی هێرشی کرایە سەر، لە ئەنجامدا نزیکەی 140 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و شارەکە بەتەواوی وێران بوو.

سێ ڕۆژ دوای ئەم هێرشە، ئەمریکا لە 9ی ئابی هەمان ساڵدا دووبارە بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمیی (فات مان)ی لە شاری ناکازاکی دا و هەزاران کەسی دیکە بوونە قوربانی و شارەکە بەتەواوی وێران بوو، لە هەمان کاتیشدا یەکێتیی سۆڤیەت (ڕووسیای ئەو سەردەمە) جەنگی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند.

بۆمبەکە ناوی “پیاوە قەڵەوەکە” بوو، لە بەرزیی 500 مەترەوە تەقێنرایەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا کۆتایی ساڵی 1945، 74 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.