سوپای پاسداران: لە ئوردن 3 فڕۆکەی F-35ـی ئەمریکیمان تێکشکاند

ئێران وەڵامی هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئەمریکای دایەوە و بنکەیەکی سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن بۆردوومان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026 سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: لە ڕێگەی هێرشێکی مووشەکیی بالیستییەوە، توانیویانە 3 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری F-35 لە ناو بنکەی ئاسمانیی ئەزڕەق لە وڵاتی ئوردن تێکبشکێنن.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، جگە لە تێکشکانی ئەو 3 فڕۆکەیە، 3 فڕۆکەی دیکەی هەمان جۆر بەسەختی زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، چەندین ئەفسەر و کارمەندی تەکنیکی و چاککردنەوەی فڕۆکە کە سەر بە سوپای ئەمریکان، کوژراون.

لە ماوەکانی ڕابردوودا واشنتن کوژرانی دوو سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن لە ئەنجامی هێرشێکی ئێران ڕاگەیاندبوو، دوێنێش 5 ڕاوێژکاری سوپای پاسداران لە ئەنجامی بۆردوومانە هاوبەشەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی عێراق کوژران.

لە دوێنێوە شەڕ و ململانێکان دوای سێ ڕۆژ لەوەستان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستیان پێکردەوە. ئەمریکا هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر عەبادان، بوشەهر، نوورئاباد، بەندەر عەباس، دوورگەی کیش، قشم و ئەبوومووسا، دواتر سوپای پاسداران کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دووانی دیکەی لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی ئەمریکا ڕاگەیاند.