سەرۆکی دەستەی کارگێڕی فراکسیۆنی نیشتمانی، پەیامێکی دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی فراکسیۆنی نیشتمانی ڕایگەیاند: ” لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کراوە کە چیتر هێرش نەکەنە سەر هەرێم.”
عەبدولرەحمان جەزائیری گوتیشی: “ئێستا بەرەی موقاوەمە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستی بە گفتوگۆیە لەگەڵ هەولێر، بۆیە بڕیار دراوە هیچ هێرشێک بۆ سەر هەرێم ئەنجام نەدرێت و شەڕەکە بەرەو دەرەوەی عێراق ببات.”
جەزائیری ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوون بوو کە دەستدرێژی بۆ سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، چونکە هەولێر شوێنی هەموو پێکهاتەکانە.