هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامییان هەبوو چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە بە چڕی بۆردوومان کران کوژرا و برینداری لێکەوتەوە. لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا سوپای پاسدارانیش هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی بەحرێن و ئوردن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمە 13یەمین شەوی لەسە ر یەکە هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران ئەنجام دەدەن.
میدیای ئێرانیش دەڵێت، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە قشم و بەندەرعەباس و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران بیستراوە و بەو هۆیەوە کوژران و بریندار هەیە.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “بە درۆن هێرشمان کردە سەر کۆگاکانی سوتەمەنی و لۆجستی و ناوەندەکانی فەرماندەی ئەمریکا لە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرێن و ئەلئەزرەق لە ئوردن.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران هاتووە هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەری و ژێرخانی ئابووری ئێران وەڵامی توند و یەکلاییکەرەوەی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە ئەمریکا لە ڕێگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕی کردووە، بەڵام تاران پێشنیارەکەی ڕەتکردووەتەوە.