جەنگ بەردەوامی هەیە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت

ئەم بەیانییە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا(سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بۆ 12ەمین شەوی لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، لە بەرانبەردا سوپای ئێران دەڵێت، لە وەڵامی بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکەیان، هێرشیان کردووەتە سەر سێ بنکەی ئەمریکا لە کوێت و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.

لەلایەکی دیکەوە، حوسیەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری سعوودیە و ئاگریان تێبەربوو، لەناو یەمەن شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە کەوتە نێوان چەکدارانی حوسییەکان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەکرێن؛ هەروەها جموجوڵی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب وەستان و نرخی نەوت و سووتەمەنی لە جیهاندا گرانتر بوو.

هەر ئەم بەیانییە ئەمریکا هێرشی کرد بۆ سەر دیوی ئێران لە دەروازەی شەلامچە لە پارێزگای خوزستان کە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق، کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکەی لێکەوتەوە، لە کاردانەوەی هێرشەکەشدا سوپای پاسداران بە مووشەک بنکەکانی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: “هاوکێشەی ئەم جەنگە ڕوون و ئاشکرایە، یان هەمووان یان هیچ کەس لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوتی تێدا نەفرۆشین، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت: “ململانێیان لەگەڵ ئێراندا پێکدادانێکی بچووکە، تاران گورزی توندی بەرکەوتووە و ناچار بە ڕێککەوتن دەبێت.”