بەهۆی مانەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدا کە بۆ مانگەکانی داهاتوو لە نێوان 12.6٪ تا 13٪ مەزەندە دەکرێت، بەشێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە مووچەی کارمەندەکانیان بە ڕێژەی 10٪ تا 15٪ بەرز بکەنەوە، بە تایبەتی کۆمپانیا بیانییەکان لە سێکتەرەکانی نەوت، پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیا.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئاماژە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ مانگەکانی داهاتوو لە نێوان 12.6٪ تا 13٪ دەمێنێتەوە. سامان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ژمارەی پێوانەیی نرخەکان لە دەستەی ئامار، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی هێشتا تەواوی پێوەرەکان هەژمار نەکراون و داتاکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ یەک نەخراون، بەڵام ئاراستەی هەڵاوسان وەک مانگەکانی پێشوو بە بەرزی ماوەتەوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناجێگیریی بەهای دینار و گرانبوونی کاڵاکانەوە هەیە لە ئاکامی ئاڵۆزی و جەنگەکانی ناوچەکەدا.
لە وەڵامی ئەم گۆڕانکارییانەدا، بەشێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پشت بە ئامارەکانی هەڵاوسان دەبەستن بۆ دەستکاریکردنی شایستە داراییەکانی کارمەندەکانیان. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەتی لە سێکتەرەکانی نەوت، پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیا، لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا مووچەی کارمەندەکانیان بە ڕێژەی 10٪ تا 15٪ بەرز کردووەتەوە.
| ساڵ | مووچەی پێشوو (دینار) | زیادکردن | مووچەی ئێستا (دینار) |
| 2022 | 1,000,000 | — | 1,000,000 |
| 2026 | 1,000,000 | 10٪ – 15٪ | 1,100,000 – 1,150,000 |
ئەم زیادکردنە بە ئامانجی پاراستنی توانای کڕین و بەهای ڕاستەقینەی داهاتی ڕاژەکارانی کەرتی تایبەت کراوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا هاوسەنگ بمێنێتەوە.
ئەم ڕێکارەی کەرتی تایبەت لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا تێچووی ژیان و هەڵاوسان دەکرێنە پێوەری سەرەکی بۆ زیادکردنی ساڵانەی مووچە، بەڵام زۆربەی حکومەتەکان خۆیان لە زیادکردنی گەورەی مووچەی کەرتی گشتی دەپارێزن، چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕەکاندا.