د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بەڕاستی کێشەی نەختینەی هەیە و بەهۆی نەبوونی بودجەی ساڵی 2026ـیشەوە، مەترسیی فەوتانی دوو مووچەی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: “بەڵێن دراوە لەم هەفتەیەدا مووچە بنێردرێت، بەڵام هەریەک لە سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی 120 ملیار دینارەکە ببڕن.”
د.فازڵ نەبی، ڕەخنەی لە وەزیرە کوردەکان گرت و گوتی: “دەبوو لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا پرسی بڕینی پارەکە بکەنە بابەتی گفتوگۆ و داوای چارەسەر بکەن.”
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، “گەڕانەوە بۆ یاسای بودجەی 2025 دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان نەدات و تەنیا مووچە بنێرێت، ئەمەش وا دەکات مەترسیی فەوتانی دوو مووچە دروست ببێت وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا.”