نرخی مۆبایل لە هەرێمی کوردستان دابەزی

بەهۆی نزیکبوونەوە لە دەرچوونی ئایفۆن 18 نرخی مۆبایلی ئایفۆن ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک لە ماوەی هەفتەیەکدا 50 دۆلار دابەزیوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەممووزی 2026  شاهۆ شەریف، بەڕێوەبەری ئای زۆن لە هەولێر ڕایگەیاند: “ماوەی هەفتەیەکە نرخی مۆبایلی ئایفۆن ڕووی لە دابەزین کردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ساڵانە لە مانگی حەوت و هەشت ئەو بەرزوو نزمییە لە نرخدا بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام دیار نییە زیاتر دادەبەزێت یان نا.”

شاهۆ شەریف، گوتیشی: “لەکاتی جەنگی ئێران، بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە 300 دۆلار گرانبوو بەڵام ئێستا نرخەکەی ئاساییی بووەتەوە چونکە هیچ کێشەیەک لە هاوردەکردنیدا نییە.”

ئایفۆن سێ ڕەنگی هەیە، سلڤەر، شین، پرتەقاڵی. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر خواست لەسەر سلڤەر و شینە، نرخەکەی بەپێی مواسەفات و قەبارەی میمۆرییەکەی دەگۆڕێت، گرانترین ئایفۆن 17 پرۆماکسی دوو تێرا بایتە، هەرزانترینیشتی ئایفۆنی دوو کامێرای ئاساییە بە 790 دۆلارە.