نرخی بەنزین بە تەواوی دادەبەزێت و بە کۆبۆن دابەشدەکرێت

قایمقایمی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی تا کۆتاییی هەفتەی داهاتووش نرخی بەنزین تەواو دادەبەزێت و ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەممووزی 2026 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقایمی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایگەیاند: “نرخی بەنزین لە بۆرسەدا بەشێوەیەکی باش دابەزیوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا دەبێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی لیترێک بەنزین بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 30 دینار دابەزیوە.”

نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی: “بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەوڵی جددیداین بۆ ئەوەی نرخی بەنزین دابەزێت و ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی کە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومەت و لیتری بە 750 دینار دابەش دەکەن، زیاد کراوە.”

لەلایەکی دیکەوە، سالار موحەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: “لە داهاتوویەکی نزیکدا دابەشکردنی بەنزین لە ڕێگەی کارتی غازەوە دەست پێدەکات، هاوکات گوتیشی؛ تەواوەی سیستەمەکە ئامادەیە و تەنیا چاوەڕوان دەکەین کە بەشە بەنزینمان بۆ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت.”