عێراق هەوڵەکانی بۆ هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ تورکیا خێرا دەکات

حکومەتی عێراق لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەناردەی وزە، لێژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەنقەرە، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ڕێڕەوی نەوتەکەی بەرەو بازاڕەکانی جیهان.

ئەم بڕیارەی بەغدا بۆ پێکهێنانی دەستەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانی کارگێڕییەکانی نەوت، دەرەوە و دارایی، بە پشکداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، بۆ ئەوەی بەمزووانە لەگەڵ لایەنی تورکی کۆببنەوە.بەهۆی ئەوەی وادەی ڕێککەوتنی ئێستای نێوان هەردوو وڵات بەرەو کۆتایی دەچێت و عێراق دەیەوێت لەرێگەی ڕێککەوتنە نوێیەکەوە ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی بگەیەنێتە 400 هەزار بەرمیل نەوت.

 بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ)، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، هێشتا ئاستی گشتی هەناردەی نەوتی عێراق نەگەیشتووەتەوە بەو ڕێژەیەی پێش جەنگەکە هەبوو.

هەر بەپێی سەرچاوەکە،  لەم مانگەدا تەنیا نزیکەی 23 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی هێڵە بۆرییەکانی کوردستان و سووریاوە فرۆشراوە. بەهۆی ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا هەرێم ڕۆژانە تەنیا نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی فەرمی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کێڵگەکانی کوردستان، ئەم بڕە بە خێرا بەرزبێتەوە و بگاتەوە ئاستی جاران.