سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بازاڕەکانی هەرێم لە ڕووی کاڵا و خۆراکەوە تەواو جێگیرن و پێویست بە ترس ناکات.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 ڕایگەیاند: سەرەڕای داخرانی گەرووی هورمز، کۆگاکانی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر کاڵایان تێدایە کە بۆ ماوەی پێنج تا شەش مانگی داهاتوو بەشی پێداویستی ناوخۆ دەکات.
سەرۆکی یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بازرگانان ڕێگەی بەدیلیان بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان دۆزیوەتەوە و لە ئێستادا کەلوپەلەکان لە ڕێگەی بەندەری مێرسینەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە تێچووی گواستنەوە بەهۆی گۆڕینی ڕێگاکانەوە زیادی کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە نەبووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکان یان کەمبوونی هیچ جۆرە کاڵایەک لە بازاڕدا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شێخ مستەفا داوای لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی ئاسایی و بەپێی پێداویستی ڕۆژانەیان بازاڕ بکەن و پەنا بۆ کڕینی زۆر و کۆکردنەوەی خۆراک نەبەن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دروستبوونی هەر شڵەژانێکی دەستکرد لە بازاڕەکاندا.